وانەی: ٣
ئایا ھەواڵی خۆش بەراستی لەلایەن خوداوەیە؟
١. نووسەری پەرتووکی پیرۆز کێیە؟
ئەو ھەواڵە خۆشە کە مرۆڤ دەتوانێ بۆ ھەمیشە لەسەر زەوی بژی لە پەرتووکی پیرۆزدا نووسراوە (زەبوور ٣٧:٢٩). پەرتووکی پیرۆز لە ٦٦ پەرتووکی بچووک پێکھاتووە. خودا بۆ نووسینی ئەو پەرتووکانە ٤٠ کەسی باوەڕداری بەکارھێنا. پێنج پەرتووکی سەرەتا ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەدەستی موسا نووسراون. دوا پەرتووکیش ١٩٠٠ ساڵ پێش ئێستا بەدەستی یۆحەننای نێردراو نووسرا. نووسەرانی پەرتووکی پیرۆز بیروبۆچوونی کێ دەردەبڕن؟ خودا لەڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە لەگەڵ ئەو نووسەرانە پەیوەندی بەست (٢ سامۆئێل ٢٣:٢). ئەوان بیروبۆچوونی خودایان نووسی نەک ھی خۆیان. کەواتە خودا نووسەری پەرتووکی پیرۆزە.—٢ تیمۆساوس ٣:١٦؛ ٢ پەترۆس ١:٢٠، ٢١ بخوێنەوە.
٢. چۆن دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە پەرتووکی پیرۆز ڕاستە؟
ئێمە دەزانین پەرتووکی پیرۆز لەلایەن خوداوە ھاتووە چونکە بە دەقاودەقی پێشبینی لە داھاتوو دەکا. ھیچ مرۆڤێک ناتوانێ ئەو کارە بکا (یەشوع ٢٣:١٤ ). تەنھا خودای ھەرەبەتوانا دەتوانێ بە دەقاودەقی داھاتووی مرۆڤ پێشبینی بکا.—ئیشایا ٤٢:٩؛ ٤٦:١٠ بخوێنەوە.
ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین کە پەرتووکی خودا دەبێ بێھاوتابێ، بەڵێ بێھاوتایە. بەملیارەھا دانە لە پەرتووکی پیرۆز بەسەدان زمان بڵاوکراونەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە پەرتووکێکی کۆنە، لەگەڵ زانستدا گونجاوە. ھەروەھا، ٤٠ نووسەرەکانی ئەو پەرتووکە لەگەل یەکتر ناکۆک نیین. * لەگەڵ ئەمەشدا پەرتووکی پیرۆز زۆر بەڕوونی مۆری خۆشەویستی بێگەردی کەسایەتی خودای پێوەیەو تا ئیستاش لەتوانایدایە ژیانی خەڵکی بەرەو باشی بگۆڕێ. ئەم ڕاستیانە، وایانکردووە ملیۆنەھا کەس دڵنیابن لەوەی کە پەرتووکی پیرۆز وشەی خودایە.—١ سالۆنیکی ٢:١٣ بخوێنەوە.
ڤیدیۆ: ئێمە چۆن دەتوانین دڵنیا بین کە پەرتووکی پیرۆز ڕاستە؟
٣. پەرتووکی پیرۆز باس لەچی دەکا؟
ناوەڕۆکی پەرتووکی پیرۆز ھەواڵێکی خۆش دەگرێتە خۆی کە خودا مەبەستێکی خۆشەویستانەی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی ھەیە. نووسراوەکان ڕوونیدەکەنەوە کە چۆن مرۆڤ لەسەرەتای مێژوودا مافی ژیانی لە بەھەشتی سەر زەوی لەدەستدا و چۆن لەکۆتاییدا ئەو بەھەشتە بەدەست دێتەوە.—ئاشکراکردن ٢١:٤، ٥ بخوێنەوە.
وشەی خودا ھەروەھا یاساو بنەماو ئامۆژگاری تێدایە. ھەروەھا پەرتووکی پیرۆز مێژووی ھەڵسوکەوتی خودای لەگەڵ مرۆڤ تۆمارکردوە کە کەسایەتی خودا دەردەخا. کەواتە پەرتووکی پیرۆز دەتوانێ یارمەتیت بدا تا خودا بناسیت. بۆت شیدەکاتەوە چۆن تۆ دەتوانی ببی بەدۆستی خودا.—زەبوور ١٩:٧، ١١؛ یاقوب ٢:٢٣؛ ٤:٨ بخوێنەوە.
٤. چۆن دەتوانی لە پەرتووکی پیرۆز تێبگەی؟
ئەم بڵاوکراوەیە یارمەتیت دەدا لە پەرتووکی پیرۆز تێبگەی بە بەکارھێنانی ھەمان شێواز کە عیسای مەسیح بەکاریھێنا. ئەو یەک لەدوای یەک ئاماژەی بۆ ئایەتەکانی پەرتووکی پیرۆز دەکرد و واتای نووسراوەکەی شی دەکردەوە.—لۆقا ٢٤:٢٧، ٤٥ بخوێنەوە.
کەم شت ھەن بە ئەندازەی ھەواڵی خۆشی خودا سەرنجڕاکێش بن. کەچی، ھەندێک کەس ھیچ بایەخێکی پێ نادەن، کەسانێکش ھەن تەنانەت ڕقیان لێیەتی. دڵ سارد مەبە. ھیوای تۆ بۆ چێژوەرگرتن لە ژیانی ھەمیشەیی پابەندە بەوەی کە تۆ خودا بناسی.—یۆحەننا ١٧:٣ بخوێنەوە.
^ بەند 3 بڕوانە بڵاوکراوەی پەرتووکێک بۆ ھەموو خەڵکی (بە ئینگلیزی).