بەش ٩
ئیسرائیلییەکان داوای پادشا دەکەن
یەکەم پادشای ئیسرائیلییەکان، شائول (ناسراو بە تالوت)، گوێڕایەڵی خودا نەبوو. ئەو بە هاوکاری داودەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەوەی کە خودا پەیمانی پادشاهێتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ بەست
دوا ڕۆژانی شەمشون، سامۆئیل وەك دادوەرو پێغەمبەر لە ئیسرائیل کاریدەکرد. ئیسرائیلییەکان بەردەوام پێیان دەوت ئەوانیش وەك نەتەوەکانی تر پادشایەکی مرۆڤانەیان دەوێ تا فەرمانڕەواییان بکات. هەرچەندە ئەو داواکارییە سوکایەتیکردن بوو بە یەهوە، بەڵام یەهوە ڕێگای بە سامۆئیلدا داواکاریەکەیان بەجێبهێنێت. خودا پیاوێکی بێفیزی هەڵبژاردو کردی بە پادشا. دوای ماوەیەك شائولی پادشا لووت بەرزو گوێ ناڕایەڵ بوو. یەهوە لەپادشاهێتی هێنایە خوارەوەو بە سامۆئێلی فەرموو پیاوێکی گەنجی تر بە پادشا هەڵبژێرێ کە ناوی داود بوو. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ساڵ دەخاێنێ تاکو داود دەسەڵاتی دەگرێتەدەست.
لەکاتێکدا داود هێشتا هەر لە تەمەنی مێردمنداڵی بوو سەردانی براکانی کرد کە لە ڕیزەکانی سوپای شائولدا بوون. هەموو سوپایەکە زەندەقیان لە شەڕکەرێکی دوژمن چوبوو، زەبەلاحێك بوو بەناوی گولیات (ناسراو بە جالوت). گاڵتەی بەوانو خودای ئەوان دەکرد. داود بەتوڕەییەوە بەربەرەکانیکردنی زەبەلاحەکەی قەبوڵ کرد بۆی بچێتە مەیدان. داود کە تەنها قوچەقانییەكو چەند بەردێکی پێبوو، هاتەدەرێ تا ڕووبەڕووی بەرامبەرەکەی بێتەوە، کە درێژییەکەی نزیکەی شەش قۆڵو بستێك (نزیکەی ٣ مەتر) بوو. لەکاتێکدا گولیات گاڵتەی بە داود دەکرد، داود وەڵامی دایەوە، ئەو چەکی باشتری پێیە، چونکە داود بەناوی یەهوەوە هاتبوو بۆ شەڕ! داود گولیاتی تەنها بە بەردێك کەواندە سەر زەویو بە شمشێرەکەی خۆی سەری پەڕاند. لەشکری فەلەستینیەکان لە ترسا ڕایانکرد.
لەسەرەتادا ئازایەتی داود زۆر کاریکردە سەر شائولو بۆیە کردیە سەرکردەی سوپاکەی. بەڵام سەرکەوتنەکانی داود بوو بەهۆی هەستپێکردنی بەخیلییەکی توندوتیژ لە دڵی شائولدا. داود بۆ پاراستنی گیانی خۆی دەبوایە ڕابکاتو بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەدەربەدەری بژی. سەرەڕای ئەوەی کە شائولی پادشا دەیویست داود بکوژێ، بەڵام داود هێشتا هەر بە دڵسۆزی بۆ پادشا مایەوە تەنها لەبەرئەوەی کە شائول لەکاتی خوێدا لەلایەن خوداوە وەك پادشا هەڵبژێردرابوو. لەکۆتاییدا شائول لە جەنگدا کوژرا. زۆریپێنەچوو داود بوو بە پادشا هەروەك یەهوە بەڵێنی پێدابوو.
«ئەو ماڵێك بۆ ناوی من بنیات دەنێت و منیش هەتاهەتایە تەختی پادشایەتییەکەی جێگیر دەکەم» (٢ سامۆئیل ٧:١٣).
داود لەسەردەمی پادشاهێتیدا لەناخی دڵییەوە ئارەزووی دروستکردنی پەرستگایەکی بۆ یەهوە دەکرد. بەڵام یەهوە بەداودی ووت، ئەم کارە لەلایەن یەکێك لەنەوەکانی جێبەجێ دەکرێ. دەرکەوت کە ئەم نەوەیە کوڕەکەی داود بوو کە ناوی سولەیمان بوو. یەهوە بەهۆی بەستنی پەیمانێکی بێهاوتا لەگەڵ داود خەڵاتی داودی کرد کە ئەمەیە: ڕێچکەی بنەماڵەی داود خێڵی پادشاهێتییەکی بێهاوتا دەهێنێتە بەرهەم. لەئاکامدا ڕزگارکەر، یان نەوەکە لەهەمان خێڵدا سەرهەڵدەدا کە لەباخچەی عەدەندا بەڵێنی لەسەردرا. ئەوکەسەی کە دەبێت بە مەسیح بەمانای کەسی «دەستنیشانکراو» لەلایەن خوداوە دیاریکرا. یەهوە بەڵێنی دا کە مەسیح دەبێتە فەرمانڕەوای فەرمانڕەوایەتییەك، یاخود پادشاهێتییەك کە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
داود بەوپەڕی شادومانییەوە بەشێکی زۆر لە کەلوپەلی پێویست بۆ دروستکردنو پارچە کانزای پڕ بایەخی بۆ پڕۆژەکە دابینکرد. داود هەروەها بەشێکی زۆری سروودە سروشکراوەکانی پەرتووکی زەبوری نووسی. داود لەکاتەکانی کۆتایی ژیانیدا ئەم ڕاستییەی دەربڕی: «ڕۆحی خوداوەند بە هۆی منەوە دوا، ووشەکەشی لەسەر زمانم بوو» (٢ سامۆئیل ٢٣:٢).
بەگوێرەی پەرتووکی ١ و ٢ سامۆئیل؛ ١ هەواڵی ڕۆژان؛ ئەشعیا ٩:٧؛ مەتتا ٢١:٩؛ لۆقا ١:٣٢؛ یۆحەننا ٧:٤٢.