بەش ٦
مەبەستی خودا بۆ زەوی چییە؟
خودا زەوی ئافراند تاکو ببێتە ماڵێکی تەواو بۆ مرۆڤ. وشەکەی دەفەرمووێ: «ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە» (زەبوورەکان ١١٥:١٦).
پێش ئەوەی خودا ئادەمی ئافراند، ناوچەیەکی لە سەر زەوی هەڵبژارد و ناوی لێنا عەدەن، لەوێدا باخچەیەکی دروست کرد. لە پەرتووکی پیرۆزدا نووسراوە کە ڕووبارەکانی فوڕات و دیجلە (هیدەکل) سەرچاوەکەیان لە عەدەن بوو. a گوایا باخچەی عەدەن کەوتبووە ئەو شوێنە کە ئێستا خۆرهەڵاتی تورکیایە. بەڵێ باخچەی عەدەن بەڕاستی لە سەر زەوی بووونی هەبووە!
خودا ئادەمی ئافراند و لە باخچەی عەدەن داینا «بۆ کشتیاری و بایەخ پێدانی» (پەیدابوون ٢:١٥). دواتر خودا ژنێکی بۆ ئادەم ئافراند کە حەوا بوو. خودا بەو ژن ومێردەی ڕاسپارد: «بەرەدار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە» (پەیدابوون ١:٢٨). زۆر ڕوونە کە خودا زەوی «بە خۆڕایی بەدی نەهێنا، بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا» (ئیشایا ٤٥:١٨).
بەڵام ئادەم و حەوا لە خودا یاخی بوون و بە ئەنقەست یاسای خودایان پێشێل کرد. لەبەر ئەمە خودا ئەوانی لە باخچەی عەدەن دەرکرد. بەهەشت لەدەست چوو. زیانی گوناهەکەی ئادەم بەر بڵاوتر بوو. پەرتووکی پیرۆز پێمان دەڵێ: «چۆن بەهۆی مرۆڤێک گوناه هاتە جیهان، بەهۆی گوناهیش مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد» (ڕۆما ٥:١٢).
ئایا خودا وازی لە مەبەستە بنەڕەتییەکەی خۆی هێنا، کە زەوی ببێت بە بەهەشت و خەڵکی کامەرانی تێدا بژی؟ نەخێر، خودا دەفەرمووێ: «فەرمایشتەکانم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دەردەچێت: بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم، بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و سەرکەتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم» (ئیشایا ٥٥:١١). بەهەشت لە سەر زەوی چاک دەکرێتەوە!
ژیان لەبەهەشت چۆن دەبێت؟ تێبینی ئەو بەڵێنانەی پەرتووکی پیرۆز بکە کە لە دوو لاپەڕەی داهاتوودا بەرچاو دەکەون.
a لە پەیدابوون ٢:١٠-١٤ دا نووسراوە: «ڕووبارێک لە عەدەنەوە هەڵدەقوڵا و لە بەری دەڕۆیشت بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە جیا بووەوە و بووە چوار لق: ناوی یەکەمیان (پیشۆنە). ... ناوی ڕووباری دووەمیان (گیحۆنە). ... ناوی ڕووباری سێیەم (دیجلەیە) ... ڕووباری چوارەمیش (فوڕاتە)». ئەو دوو ڕووباری یەکەم نە ناسراون و شوێنەکەشیان نە ناسراوە.